رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق جارێکی دیکە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەنێرێتەوە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی، کە لە خولی پێشوودا لە قۆناخی دەنگداندا کشێنرایەوە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان بکات بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسندکردنی."
ئەو پڕۆژەیاسایە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، بەڵام پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت لەلایەن حکومەتەوە کشێنرایەوە.
بەگوتەی مازن غەریب، ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان بۆ رازیکردنی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە.
ئەو پڕۆژەیاسایە داواکاریی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان و ئەو لایەنانەیە کە هێزیان لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا هەیە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی 11ی ئابی لیژنەکەیان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، پێی راگەیاندوون کە بەم نزیکانە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبى رەوانەی پەرلەمان دەکات.
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2016 یاسایەکی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دەرکرد، بەڵام دواتر بڕیاردرا کە یاساکە بگۆڕدرێت بە شێوەیەک کە خزمەت و ئیمتیازات و دەسەڵاتی ئەو دەستەیە دیاری بکات، بەڵام پڕۆژەیاساکە لە خولی رابردوودا نەگەیشتە ئاستی دەنگدان.
شێروان دووبەردانی گوتی: "تاوەکو ئێستا دیار نییە کە حکومەت هەمان پڕۆژەیاسای پێشوو دەنێرێتەوە یان دەیگۆڕێت."


