رووداو دیجیتاڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی پشکنیندا لە چەند زیندانێکدا، دەستیان بەسەر سەدان مۆبایل و سیمکارتدا گرتووە؛ هەروەها لە بەسڕە بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە ماددەی هۆشبەری بۆ نێو زیندانەکان گواستووەتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی دەزگاکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی داد، هەڵمەتێکی پشکنینی فراوانیان لە چەند زیندانێکی عێراق کردوە و لە ئەنجامدا دەستگ بەسەر 651 مۆبایل و 314 سیمکارتدا گیراوە، کە لە شوێنی جیاواز و شاراوەی نێو زیندانەکاندا شاردرابوونەوە." دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ چەسپاندنی ئاسایش لەناو دامەزراوەکانی چاکسازی و رێگری لە بردنی هەر کەلوپەلێکی قەدەخەکراو بۆ ناو زیندانەکان. بە گوێرەی راگەیێندراوی دەزگاکە، هەر لە چوارچێوەی هەوڵە هەواڵگرییەکاندا بۆ راوەدوونانی تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو، هێزەکانیان لە پارێزگای بەسڕە بازرگانێکیان دەستگیرکرد کە بەرپرس بووە لە گەیاندنی ماددەی هۆشبەر بۆ نێو زیندانەکان. لەگەڵ ئەو بازرگانەدا 9 تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون کە دەرکەوتووە ئەندامی شانەیەکی پەیوەندیدارن بە گرووپێکی دیکەوە کە پێشتر دەستگیرکرابوون." بەپێی ئاماری وەزارەتی داد زیاتر لە 60 هەزار زیندانی لە عێراق هەن، کە وەزارەتەکە سەرپەرشتیان دەکات.