رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی زیقار بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ لێپرسراوی پێشووی هۆبەی موڵکایەتی لە شارەوانیی ناسریە دەرکرد، ئەوەش بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل و ساختەکردنی مامەڵەی زەویوزار.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی زیقار بڕیاری سزادانی "ئامادەبوونی" بۆ لێپرسراوی پێشووی هۆبەی موڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە دەرکردووە، دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە بەرتیلی وەرگرتووە و دەستکاریی مامەڵەی تەرخانکردن و فرۆشتنی زەوییەکانی کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستپاکی عێراق، سزادراوەکە هەستاوە بە ساختەکردنی پەڕاو و نووسراوی زەوی، نووسراوی فەرمی، پسووڵەی بەتاڵ و ئەو بەڵێننامانەی پەیوەندییان بە فرۆشتن و وازهێنانی خاوەن زەوییەکانەوە هەبووە.
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارەی دادگە دوای ئۆپەراسیۆنێکی وردی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی زیقار و بە هاوکاریی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاتووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر سەتان دۆسیە، نووسراوی فەرمی و مامەڵەی زەویوزاری شارەوانی و هاووڵاتییاندا گیراوە کە بە نایاسایی لای خۆی پاراستبوونی.
دادگەی تاوانەکانی زیقار دوای بینینی بەڵگەکان و دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکە، بڕیاری دا بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت.
رۆژی 9ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای زیقار، بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە دەست بەسەر کۆمەڵێک دۆسیە و مامەڵەی نوێدا بگرن کە تێیدا زەویوزار "بە نایاسایی" دابەشکراوە، ئەمەش وەک بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باندێکی مەترسیداری ساختەکاری لە پارێزگاکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستگیرکراون بریتین لە:
-محەممەد عەبد لیلۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی ناسریە
-قەحتان عەدنان عەنبەر، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ناسریە (کە پێشتریش سزادراوە)
-بەشار لەتیف موزیەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری موڵکایەتیی لە شارەوانیی ناسریە
-عەلی رەزاق محەممەد، فەرمانبەری شارەوانی و بەرپرسی نووسراوەکان
-تالیب فالح وادی، فەرمانبەر لە لیژنەی زەوییەکانی پارێزگا
-مستەفا جاسم هۆل، فەرمانبەر لە بەشی کۆنووسەکانی شارەوانی
-عەلی نازم فەرتووسی، وەک دەڵاڵ کاری کردووە
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر فۆرم و مامەڵەی زەوی، کۆمپیوتەری کەسی، ئامێری پەیوەندی، چەک و چەندین مۆری ساختەی فەرمانگەکاندا گرتووە. ئێستا تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن بۆ دەرهێنانی زانیاریی زیاتر و ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەم تۆڕە گەورەیەدا سوودمەند بوون.



