رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەستی بە ناردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە. هاوکات سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەغدا نزیکەی 841 ملیار دینار رەوانە دەکات و بڕی 120 ملیار دیناریش بەهۆی رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتییەوە بڕدراوە.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەستی کرد بە ناردنی مووچەی مانگی تەممووزی هەرێمی کوردستان."
سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند: "بەغدا نزیکەی 841 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات."
سەبارەت بە هۆکاری نەناردنی تەواوی بڕە پارەکە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی رادەست نەکردووە و هەر بۆیەش بەغدا ئەو بڕەی بڕیوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.



