رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی هاوبەشی لە نیشتمان و پاراستنی یەکێتیی عێراق دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بەبۆنەی ھەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی پارتی کردووە و دەڵێت: "لەم بۆنەیەدا یادی کاروانی سیاسی و بەشدارییەکانی ئەو پارتە لە ژیانی نیشتمانیدا لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق دەکەینەوە."
عەلی زەیدی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی پەیوەندییەکان دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی کاری هاوبەش دەکەینەوە بۆ چەسپاندنی هاوبەشی لە نیشتماندا، بەهێزکردنی سەقامگیری، پاراستنی یەکێتیی عێراق و سەروەرییەکەی، هەروەها بنیاتنانی داهاتوویەک کە خواستەکانی سەرجەم رۆڵەکانی بهێنێتە دی."

