رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان نابێتە گرفت لە بەردەم خەرجکردنی مووچە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە مووچە خەرج بکرێت.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کە رێگە نادات گرفتی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان ببێتە بەربەست لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە بڕی داواکراوی داهاتی نانەوتیی کەم بکرێتەوە و هۆکارەکەش بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی دەگەڕێننەوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەی پەسند نەکردووە."
لەبارەی وادەی خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، عودەی عەواد گوتی: "رۆژانی رابردوو کێشەی کەمیی نەختینە و هەندێک گرفت لە وردبینیی لیستی مووچە هەبوون، بەڵام بەپێی قسەی وەزیری دارایی بێت، پارەی پێویست کۆکراوەتەوە و ئەم هەفتەیە بە لێدەرکردنی داهاتی نانەوتی (120 ملیار)، مووچە خەرج دەکرێت."
بە گوتەی عودەی عەواد، حکوومەتی عێراق رێکاری پێویستی بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و زیادکردنی هەناردەی نەوت گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی مووچەی مانگەکانی دیکە بەبێ دواکەوتن خەرج بکات. گوتیشی، "بە ئەگەری زۆرەوە بۆ مانگی داهاتوو کێشەی کەمیی نەختینە و دواکەوتنی مووچە نابێت."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو ئاگاداریان کردوونەتەوە کە دوای کۆکردنەوەی بڕی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەفتەیە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەکە دەستپێدەکات.
سەبارەت بە کاتی ناردنی پارە، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان لەبارەی وادەی خەرجکردنی مووچەیان پێنەگەیشتووە."
بەگوێرەی داتای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆری هەیە، کە مانگانە پێویستیان بە 945 ملیار و 817 ملیۆن دینارە.
بۆ مووچەی مانگی حوزەیران 13-07-2026، لیستی مووچە بڵاوکرایەوە؛ رۆژی 15-07-2026 یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو، لە ماوەی سێ رۆژ سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.


