رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان لە سنووری قەزای ئامرلی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوچەی بەستاملێیان لە سوپای عێراق وەرگرتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی نوێ بۆ دابەشکردنی کەرتە ئەمنییەکان.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە قەزای ئامرلی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، فەوجی دووەمی سەر بە لیوای 86ـی سوپای عێراق، ئەرکە مەیدانییەکانی و خاڵە ئەمنییەکانی گوندی بەستاملێ رادەستی لیوای 52ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی کرد."
رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی ئەرکە ئەمنییەکان بە ئامادەبوونی ئەحمەد ئامرلی، فەرماندەی لیوای 52 و فەرماندەی لیوای مەغاویر و ژمارەیەک لە ئەفسەران و پلەدارانی هەردوولا بەڕێوەچووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی "رێکخستنەوەی دابەشکردنی کەرتەکان و بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانە"، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی مەیدانی لە نێوان هێزە چەکدارەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کاتی رادەستکردنی ناوچەکەدا، "فەرماندە سەربازییەکان جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی هاوبەش و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی کردەوە، بۆ ئەوەی ئەرکە ئەمنییەکان بەپێی رێکار و رێنماییە سەربازییەکان جێبەجێ بکرێن."
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، ناوچەی بەستاملێ تورکماننشینە و دوای داگیرکردنی لەلایەن چەکدارانی داعش، حەشدی شەعبی ناوچەکەی کۆنترۆڵ کردەوە دواتر سوپای عێراق تێیدا جێگیرکرا.
بە گوتەی یاسین داوودی، جێگیرکردنی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە گۆڕانکارییەکی ئاساییە و پێشتریش لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بووە.
قەزای ئامرلی و ناوچەکانی دەوروبەری کە دەکەونە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، لە رووی ئەمنییەوە ناوچەی گرنگن و بەردەوام هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی تێدا دەکەن بۆ رێگری لە هەر جموجووڵێکی پاشماوەکانی داعش.


