رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق، پڕۆژەی (دەستبەندی ئەلیکترۆنی) بۆ رێکخستنی مامەڵە داراییەکان لەنێو گرتووخانەکان راگەیاند. وەزارەتەکە دەڵێ:" لە رێگەیەوە رێگری لە گرانفرۆشی و دەستکاریکردنی نرخ لە نێو گرتووخانەکان دەکرێ."
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی 3 هەزار دەستبەندی ئەلیکترۆنی بۆ زیندانییانی گرتووخانەی ناوەندیی ناسریە کە بە گرتووخانەی (حووت) ناسراوە دابین جێبەجێ کرا. ئەم دەستبەندانە بەستراونەتەوە بە کارتێکی تایبەتی پارەدانەوە و پڕۆژەکە بە هاوکاریی بانکی کشتوکاڵیی عێراق جێبەجێ کراوە".
موراد ساعدی راشیگەیاند: "ئەم سیستمە نوێیە بۆ هەموو کڕین و فرۆشتنێکی نێو دووکانەکانی گرتووخانە بەکاردێت و وادەکات هەموو مامەڵەیەک بە شێوەیەکی ورد و شەفاف تۆمار بکرێ، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بنبڕکردنی گرانفرۆشی و جێگیرکردنی نرخە راستەقینەکان، هەروەها چاودێرییەکی وردتر لەسەر جووڵەی پارە لەنێو گرتووخانەکەدا دروست دەکات".
بە گوێرەی وەزارەتی دادی عێراق، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر لەو دەستبەندانە دابەش دەکرێن تاوەکو هەموو زیندانیانی ناسریە دەگرێتەوە، دواتریش پڕۆژەکە بۆ هەموو گرتووخانەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێتەوە.
وەزارەتی دادی عێراق داوا لە کەسوکاری زیندانییان دەکات کە بەپێی رێنماییە نوێیەکان کاربکەن، چونکە ئەم سیستمە کارئاسانی دەکات بۆ ناردنی پارە و کڕینی پێداویستییەکان بە شێوەیەکی ئارام و رێکخراو بۆ ناو هەژماری زیندانییان.



