رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی (خۆری بەسرە) بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە تیشکی خۆر بە توانای 250 مێگاوات کەوتە کار. بڕیارە دوای تەواوبوونی، بەرهەمهێنانی کارەبا لەو پڕۆژەیەدا بگاتە 1000 مێگاوات.
ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی (خۆری بەسرە) کە لە لایەن کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجی)ـی فەرەنسییەوە بە هاوکاریی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێ، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. رووبەری پڕۆژەکە نزیکەی 9 هەزار دۆنمە.
بەگوتەی ئەحمەد تورکی، پڕۆژەکە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە و هەر قۆناخێکی 250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت؛ گوتیشی: "قۆناخی یەکەم کەوتووەتە کار و بەستراوەتەوە بە تۆڕی نیشتمانییەوە. بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا قۆناخی دووەمیش تەواو بێت و ئیدی بەرهەمهێنان دەگاتە 500 مێگاوات. بەرهەمهێنان لە کۆتاییدا دەگاتە 1000 مێگاوات، ئەوەش لە رێگەی دانانی 2 ملیۆن پانێڵی هەتاوییەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و ناجێگیریی جووڵەی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز، گەیشتنی هەندێک ئامێر و پێداویستیی پڕۆژەکە دواکەوتووە، بەڵام تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان لە کارەکانیان بەردەوامن.
ئەحمەد تورکی رایگەیاند، کارمەندانی عێراقی ئامادەییەکی باشیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هەیە و توانیویانە شارەزاییەکی باش لە تەکنەلۆژیای وزەی خۆردا بەدەستبهێنن، ئەمەش رێگە خۆش دەکات لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوشێوە لە پارێزگاکانی دیکەش جێبەجێ بکرێن.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 24 هەزار و 600 مێگاوات، بەڵام عێراق بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام پێویستی بە 55 بۆ 60 هەزار مێگاواتە.
پارێزگای بەسرە بەهۆی ئەوەی یەکێکە لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان، بە گونجاوترین شوێن بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە دادەنرێ کە ئەوەش دەتوانێت گوشارێکی زۆر لەسەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا کەم بکاتەوە.



