رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، لە مانگێکدا زیاتر لە 500 ملیار دینار داهاتیان هەبووە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەخت لە تووندکردنەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخیی دەرمان و ماددەی هۆشبەر دەکاتەوە.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تەممووزدا داهاتی دەروازەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 500 ملیار دیناری عێراقی؛ گوتیشی: "ئەمە ژمارەیەکە کە پێشتر تۆمار نەکراوە."
ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای دەستەی دەروازە سنوورییەکانی کرد.
عومەر وائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نزیکەوە ئاگاداری سیستمی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنیی دەروازەکان، پرۆسەی پشکنینی سۆنەر و چۆنییەتی وردبینیکردنی بارهەڵگرەکان بووە لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکان.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، عەلی زەیدی چەند رێنماییەکی دەرکردووە، لەوانە "تووندکردنەوەی رێکارەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخیی ماددەی هۆشبەر و دەرمان وەک کاری لەپێشینە؛ هەروەها کاراکردنی هەنگاوەکانی ترانزێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەڵقەی پێکەوەبەستنی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو لە چوارچێوەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان."
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان باسی لەوەش کرد، هەنگاوی گەورەیان ناوە لە بواری بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەکان و بەستنەوەیان بە سیستمی (ئاسیکۆدا)، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکاری و دەستکارییەک لە پسوولەی کاڵاکاندا.
