رووداو دیجیتاڵ
وێستگەیەکی نوێی گاز لە کێڵگەی نەوتی فەیحای پارێزگای بەسرە کرایەوە. وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، پرۆژەکە رۆژانە 92 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و "دەبێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ ئابووریی نیشتمانی."
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق، وێستگەی ناوەندیی چارەسەرکردنی گازی لە کێڵگەی نەوتیی (فەیحا) لە پارێزگای بەسرە کردەوە.
وەزارەتی نەوت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی ستراتیژیی حکومەتدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی گاز و کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ."
بەپێی راگەیێندراوەکە، وێستگەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 92 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. جگە لەوەش، وێستگەکە رۆژانە نۆ هەزار و 800 بەرمیل گازی شل (LPG) بەرهەم دەهێنێت، کە دەکاتە نزیکەی 840 تۆن لە رۆژێکدا.
وەزیری نەوت لە کاتی کردنەوەی وێستگەکەدا رایگەیاند: "دەستکەوتەکان لە کەرتی گازدا بەردەوامن." گوتیشی: "ئەم پرۆژانە نەک تەنیا ئابووریی وڵات بەهێز دەکەن، بەڵکو دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و کەرتە پیشەسازییەکانی دیکە."
پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (UEG)ـی چینییەوە جێبەجێ کراوە. وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سۆنگ یوو، سەرۆکی کۆمپانیا چینییەکە، ستایشی وەزارەتی نەوتی کردووە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کارکردن و ئاماژەی بەوەش کردووە وێستگەکە بە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی دروست کراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، وەزیری نەوت داوای کردووە کۆمپانیاکانی نەوت بایەخی زیاتر بە "پرۆژە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان" بدەن بۆ ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە لە خزمەتگوزارییە نێوخۆییەکان سوودمەند بن.
