رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری عێراق دەڵێت، پار 10 ملیۆن کەس سەردانی عێراقیان کردووە و تەنیا 400 تاوەکو 450 هەزاریان گەشتیاربوون.
عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2025، ژمارەی ئەو کەسانەی هاتوونەتە عێراق 10 ملیۆن کەس بووە، بەڵام ئەوانەی بە مەبەستی گەشتیاری سەردانیان کردووە 400 بۆ 450 هەزار کەس بوون."
عەلی یاسین رایگەیاند، ڤیزە دەدرێتە گرووپە گەشتیارییەکان کە دەبێت هەر گرووپێک لە پێنج کەس زیاتر بن.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ رێککەوتنێک واژۆدەکەن بۆ رێکخستنی ڤیزەی گەشتیاری.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری عێراق پلانێکی درێژخایەنی هەیە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران کە سەردانی عێراق دەکەن.
عەلی یاسین رایگەیاند، ئامانجیان لەو پلانە ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان لە عێراق بگەیێننە 10 ملیۆن کەس.


