رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڕیاریدا بە بانگهێشتکردنی خوێندکارانی کچی باڵاپۆشی ئازەربایجانی بێ بەرامبەر لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن، دوای ئەوەی باڵاپۆشی لە زانکۆو دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئەو وڵاتە قەدەغە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاری وەزارەتەکە، کە دوێنێ بە سەرپەرشتی حەیدەر بەها حوسێنی، وەزیری خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو، دەنگ لەسەر رێکخستنی گردبوونەوەیەکی نارەزایەتیی ئاشتییانە بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە زانکۆکان درا، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە دژی بڕیاری قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئازەربایجان، کە داوای کردبوو ئەمڕۆ لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێت؛ بەو مەرجەی گردبوونەوەکە کار نەکاتە سەر دەوام و تەنیا ئاڵای عێراق بەرز بکرێتەوە.
هاوکات بڕیاردرا بە بانگهێشتکردنی خوێندکارانی کچی باڵاپۆشی ئازەربایجان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی عێراق لە رێگەی دەرفەتەکانی وەرگرتن و دەستپێشخەریی "بخوێنە لە عێراق"، لەنێویاندا لەسەر کورسیی بێبەرامبەر.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دەستەکە بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کۆنمرەی وەرگرتن بۆ ژمارەیەک لە بەشەکانی خوێندنی ئێواران لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان، هاوکات هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی تاقیکردنەوەی زانکۆکان، پێدانی دەسەڵات بە ئەنجوومەنی زانکۆکان بۆ بڕیاردان لەسەر داواکارییەکانی گواستنەوە و میوانداری لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، دەسەڵات درا بە ئەنجوومەنی زانکۆکان تاوەکو بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی تایبەتی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، تا ئاستی بەخشینی تەنیا یەک نمرە هاوکاری پێشکێش بکەن. هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر بەهێزکردنی سەربەخۆیی زانکۆکان و ئەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خزمەت تەنیا بۆ مەبەستی وانەوتنەوە بێت، نەک وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتیی کارگێڕی.
.jpg&w=3840&q=75)
