رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ، دژی هەموو رەفتارێکی تایبەت بە رێگریکردن لە قوتابیانن لە سەرپۆشکردن و دیاریکردنی شێوازی جلوبەرگ. وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی چوارشەممە (21ی تشرینی یەکەمی 2026)، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە تەواوی ئەو رەفتارانە رەت دەکەینەوە کە مافی کچە قوتابییەکان لە سەرپۆشکردن و هەڵبژاردنی جلوبەرگیان زەوت دەکەن". وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت: "سەرپۆشی بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییە کەسییەکان". پەروەردەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: "ئازادیی پۆشاک جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە هەڵبژاردنە کەسییەکان، رێزگرتن لە جیاوازیی کولتووری و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە، بەهایەکی مرۆیی رەسەنە و دەبێت دوور بێت لە جیاکاری و پەراوێزخستن."