رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی فەرمیی ئوردنی راگەیاند، وڵاتەکەی حکومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، هەر جۆرە هێرشێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر خاکی ئوردن بە وەڵامێکی سەربازیی تووند تەواو دەبێ.
ئەو سەرچاوەیە کە بە میدیای ئوردنی و عەرەبیی راگەیاندووە، ئوردن چاوەڕوانی ئەوە لە بەغدا دەکات کە رێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ وەستاندنی ئەم میلیشیایانە و سنوورێکیان بۆ دابنێت.
هەروەها ئاشکرای کرد، عەممان زانیاریی وردی لەسەر "پیلانی هەندێک گرووپی چەکدار" بۆ بەئامانجگرتنی خاکی ئوردن داوەتە لایەنی عێراقی.
ئەم هۆشدارییەی ئوردن لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و لایەنی ئەمریکایی لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە و مەترسیی فراوانبوونی جەنگ بۆ وڵاتانی دراوسێ لە ئارادایە. بەرپرسێکی باڵای ئوردنی لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت: "ئێمە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکمان، هەموو بژاردەیەکمان لەبەردەستدایە."
هاوکات راگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە "قەدەخەکردنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک" کردووەتەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیداوە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش" بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و دانانی میکانیزمی تووند کە رێگریبکات لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک "رێڕەو یان سەرچاوەی هێرش" بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە کە بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە "پاراستنی سەروەری و دراوسێیەتی باش" جێبەجێبکەن.


