رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێکارێکی نوێ بۆ رێکخستنی تۆمارکردنی بەشداربووانی کۆمپانیاکانی پەیوەندى دەردەکات کە لە 720 رۆژدا پێویستە جێبەجێ بکرێت و زانیاریی بەشداربووان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێنەوە، ناشبێت هیچ کەسێک زیاتر لە حەوت سیمکارتی بەناوەوە بێت و بۆ سەرپێچیی هەر سیمکارتێک سێ ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی هەیە.
پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو رێکارە نوێیانە بۆ تۆمارکردنی سیمکارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیی تەلەفۆنی بڵاوکردەوە کە گوایە بۆ رێکخستنی کەرتی گەیاندن و بەهێزکردنی ئاسایشی زانیاریی بەشداربووانی کۆمپانیاکانی پەیوەندی و هەنگاونانە بەرەو سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ وردبینی لە ناسنامەی بەشداربووان.
بەگوێرەی ئەو رێکارە نوێیە، کۆمپانیاکانی پەیوەندى ناچار دەکرێن بە پاراستنی زانیاریی بەشداربووانی و کۆگاکردنی لە پێگەیەکی پارێزراودا لە بەغدا، هەروەها بەرپرسیارێتیی یاساییش دەگرنە ئەستۆ لە هەر دزەپێکردنێکی زانیارییەکان کە لەژێر هەژموونی کۆمپانیاکاندایە.
ئەو رێکارە نوێیە پشت بە تەکنەلۆژیای وردبینیی ئەلیکترۆنی دەبەستێت بۆ وردبینی لە بەڵگەنامە فەرمییەکان لە رێگەی خوێندنەوەی تایبەتمەندیی زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت، لەگەڵ گرتنی وێنەی دروستی ڕووخساری بەشداربووەکە و بەراوردکردنی بە زانیارییەکانی نێو بەڵگەنامە فەرمییەکاندا، ئەوەش بۆ وردبینی لە تۆمارکردن و پاراستنی زانیارییەکان.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ماوەی 720 رۆژی داوەتە کۆمپانیاکان بۆ دووبارە تۆمارکردنی زانیاریی بەشداربووانی ئێستایان بەگوێرەی سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێ و لەو ماوەیەدا رێنمایی بدرێتە بەشداران تاوەکو کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکان و تەواوکردنی پێویستییەکانی تۆمارکردن.
بەلیغ ئەبوگیلەل، سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن رایگەیاندووە، ئەو رێکارە نوێیانە دوای 90 رۆژ لە بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕى دەستەکە کارا دەبێت و دەبێت کۆمپانیاکان پابەند بن پێوەی، داواشی لەو کۆمپانیایانە کردووە کە هەرچی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە ئامادەی بکەن.
زۆرترین سیمکارت کە بە ناوی کەسێکەوە بێت لەو رێکارەدا دیاریکراوە کە 7 سیمکارتە، هەروەها شێوازی تۆمارکردنی گەشتیار و ئەو بیانییانەی دیاریکردووە کە سیمکارتی کۆمپانیاکان بەکاردەهێنن، لەگەڵ شێوازی گواستنەوەی خاوەندارێتیی سیمکارتەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە.
دەستەکە رێکاری چاودێری و سزادانی پێبژاردنی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دیاریکردووە کە سەرپێچی دەکەن، کە دەگاتە سێ ملیۆن دینار بۆ هەر سیمکارتێک.



