رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر رایدەگەیێنێت، کێشە و ناکۆکییەکانی تایبەت بە وەزارەتەکانی بەرگری و پلاندانان چارەسەر کراون و بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، دەنگ لەسەر سەرجەم وەزارەتەکان و جێگرانی سەرۆکوەزیران دەدرێت. هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەی سوننە دووپات دەکاتەوە.
شاکر مەحموود تەمیمی (ناسراو بە ئەبوو توراب تەمیمی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر، رۆژی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت رایگەیاند: "تاوەکو ئەم ساتە هیچ کێشەیەک نییە و هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی دانیشتنەکە لە ئارادا نییە؛ بەپێی بەرنامەی دیاریکراو دەنگ لەسەر وەزارەتە ماوەکان دەدرێت."
چارەسەربوونی گرێکوێرەی بەرگری و پلاندانان
لەبارەی ئەو وەزارەتانەی ناکۆکییان لەسەر بوو، تەمیمی گوتی: "تەنیا لە وەزارەتی بەرگری و هەروەها وەزارەتی پلاندانان هەندێک گرفت هەبوو بەهۆی گۆڕینی بەربژێرەکان، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، شەوی رابردوو ئەو بابەتە یەکلایی کراوەتەوە و کێشەکان چارەسەر بوون؛ ئەگەر هەر وەزارەتێکیش رێکنەکەوتنی لەسەر مابێت دوادەخرێت و دەنگ لەسەر ئەوانە دەدرێت کە لەسەریان رێککەوتوون."
ئەو پەرلەمانتارەی بەدر باسی لە وەزارەتی ناوخۆش کرد و گوتی: "وەزارەتی ناوخۆ هیچ کێشەیەکی نییە و لەسەر ئاستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنەکانی دیکەش کۆدەنگی لەسەر بەربژێرەکەی هەیە و ئێمەش وەک بەدر بە تەواوی پشتیوانی دەکەین."
دەنگدان لەسەر 9 وەزارەت و 4 جێگری سەرۆکوەزیران
شاکر تەمیمی روونی کردەوە، بەگوێرەی کارنامەی پەرلەمان، بڕیارە دەنگ لەسەر 9 وەزارەت و 4 جێگری سەرۆکوەزیران بدرێت. هیوای خواست ئەم جارە هاوشێوەی دانیشتنی رابردوو نەبێت و گوتی: "دانیشتنی پێشوو جێگەی دڵتەنگی و شەرمەزاری بوو، چونکە بەپێچەوانەی رێککەوتنەکان مامەڵە کرا و دەنگ بە هەندێک لە بەربژێرەکان نەدرا، ئەمەش دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەکانی سەرۆکوەزیران. پێویستە ئەمڕۆ متمانە بە سەرجەم وەزیرەکان بدرێت تا حکومەت بتوانێت بە ئاسوودەیی دەستبەکار بێت."
لە کۆی ئەو 9 وەزارەتە: پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، کورد یەک وەزارەت، کریستیان یەک وەزارەت و چوار وەزارەتەکەی دیکەش بەر لایەنەکانی شیعە دەکەون. یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیرانیش بۆ کورد و لەنێویدا بۆ پارتیە.
پەیوەندی لەگەڵ کورد و پشتیوانی لە پارتی
سەبارەت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی پێکهاتەی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستانە، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی بەدر گوتی: "پارتی بەربژێری باشی هەیە و هەمیشە بەربژێرەکانیان جێگەی قبووڵکردن و رێککەوتن بوون. لە نەریتی سیاسیدا دروست نییە بەهۆی هەندێک هەستیاری یان ناکۆکیی حزبی، کارەکانی کابینە و سەرۆکوەزیران پەکی بخرێت."
تەمیمی گوتیشی: "ئێمە وەک فراکسیۆنی بەدر، بە رێنمایی سەرکردایەتی و ئەمینداری گشتیمان، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ناوەندگیر و نزیککردنەوەی بۆچوونەکانین. رێککەوتن و پەیمانی ستراتیژیمان لەگەڵ برایانی کورد هەیە و لە یەک سەنگەردا بووین، بۆیە بە تەواوی پشتیوانی لە کاندیدەکانی پارتی و هاوکات برایانی سوننەش دەکەین بۆ ئەوەی کابینەکە بەبێ کێشە و ئاستەنگ تێپەڕێت."


