رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، دوای تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دۆخی ئەمنیی وڵات "زۆر باشە" و هاوئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەش لە باشترین ئاستدایە؛ هاوکات مژدەی بەدەستگەیشتنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلوولی رابردوو، پرسیاری لە لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.
لیوا یەحیا رەسووڵ لە وەڵامدا بە رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئەمنی زۆر باشە و هێزەکانمان، لە سوپا و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دیکە، لە هەموو ناوچەکان بڵاوبوونەتەوە و بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە."
سەبارەت به دۆخی ئەمنیی ناوچە کێشەلەسەرەکان و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە باشترین قۆناخیدایە: "هاوئاهەنگییەکی زۆر بەرز لەگەڵ برایانمان لە هێزەکانی پێشمەرگە هەیە؛ ئەمەش تەنیا لەسەر ئاستی جووڵەی سەربازی نییە، بەڵکو لە بوارەکانی هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەڕێوەبردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیشدایە، کە دەرەنجامی گەورەی هەبووە."
لەبارەی پاشماوەکانی چەکدارانی داعشیشەوە گوتی: "رەنگە لێرە و لەوێ چەند شانەیەکی نووستوو مابن، بەڵام ئەوانە تێکشکاو و دۆڕاون و ئۆپەراسیۆنەکانی راوەدوونانیان بەردەوامە. ئەوەی گرنگە یەکڕیزیی هێزەکانە لە بەرامبەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا."
کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی
لیوا یەحیا رەسووڵ ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق هەنگاوی جیدی بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی وڵات ناوە و گوتی: "لیژنەی تایبەتمەند سەردانی چەندین وڵاتی جیهانی کردووە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکات؛ پشت بەخوا لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا ئەنجامی ئەرێنی لەبارەی کڕینی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانییەوە دەبینن".


