رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: رێکارەکانی یەکخستنی کارتی ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکان و سیستمی مەنفێستی ئەلیکترۆنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. رۆژی هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەت لە حکومەتی فیدراڵی، بە رێنمایی وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە تەواوکردنی رێکارەکانی یەکخستنی ساڵیانەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکان کراوە، کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند کرابوو. هەروەها بڕیار دراوە سیستمی "مەنفێستی ئەلیکترۆنی" لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکبخرێت، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان خێراتر بێت و پرۆسەی گواستنەوە رێکبخرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئامانجێکی دیکەی بڕیارەکە، رێگریکردنە لە گواستنەوەی ناڕێک و نایاسایی، لەگەڵ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی هاووڵاتییاندا بگونجێت.