رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایدەگەیێنێت، لە رێگەی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینییەوە، رێگرییان لە بەهەدەردانی نزیکەی 24 ملیار دینار لە سامانی گشتی کردووە کە لە فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە لە پارێزگای بابل کرابوو.
رۆژی سێشەممە 13-10-2026 دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەکەیان لە پارێزگای بابل چوونەتە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی پارێزگاکە و توانیویانە رێکاری تاپۆکردن و تۆمارکردنی 57 موڵک رابگرن کە سەر بە فەرمانگەی هێڵی ئاسنینی (شەمەندەفەر)ـی بابل بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فەرمانگەی هێڵی ئاسنینی بابل بە پێچەوانەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت (ژمارە 21ـی ساڵی 2013)، نرخی ئەو موڵکانەی بە "زۆر هەرزان و کەمتر لە بەهای راستەقینەی خۆیان" خەمڵاندووە و بەسەر فەرمانبەرانی خۆیدا دابەشی کردوون.
موڵکەکان بەمشێوەیە بوون: 31 موڵک: کە خاوەندارێتیی تەواویان بۆ فەرمانگەی هێڵی ئاسنینی بابل دەگەڕایەوە و 26 موڵکیش بەبێ جیاکردنەوە (ئیفرازکردن) فرۆشرابوون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زیانەی بەر ماڵی گشتی کەوتبوو و بە دەستێوەردانی ئەوان رێگری لە بەهەدەردانی کرا، گەیشتووەتە 23 ملیار و 986 ملیۆن و 390 هەزار دینار، هاوکات فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەش لە رێکارەکانی تاپۆکردن پاشگەزکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دادگەی لێکۆڵینەوەی حیلە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاریداوە نووسراو ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بکات بۆ زانینی بنەمای یاسایی ئەو خەمڵاندن و فرۆشتنە. دەستەکەش جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمان و رادەستکردنیان بە دادگە بەردەوامن.



