رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بوو بە راگرتنی کارکردن بە بەشێک لە ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقی پەیوەست بە تاوانەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەت.
نووسینگەی راگەیاندنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرانی ئەندام، دانیشتنی تایبەتی بە تاوتوێکردنی داوای ژمارە (62/فیدراڵی/2026) کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دادگەی فیدراڵی بڕیاریداوە بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 لە هەرێمی کوردستان، کە تایبەت بوو بە راگرتنی کارکردن بە چەند ماددەیەکی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستاندا؛ بەو پاساوەی کە یاساکەی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی حوکمەکانی هەردوو ماددەی (110) و (121/دووەم)ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقە.
ئەو سکاڵایە لەلایەن هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان بە ناوی زۆزک رەحیم رەحمان تۆمارکرابوو، یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایە لە رۆژی دووشەممە، 8ی ئاداری 2026 بوو.
لە راگەیێندراوەکەی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە کە بڕیارەکە بەپێی حوکمەکانی ماددەکانی 93 و 94ـی دەستوور و ماددەکانی 4 و 5ـی یاسای دادگەی فیدراڵی دەرکراوە، و بڕیارەکەش "کۆتایی و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان."
یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلوولی 2003 دەرچوو بوو، کە تێیدا ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی هەموارکرابووەوە و هاوکات کارکردن بە دەیان ماددەی دیکەی یاسای سزادانی عێراقی (ماددەکانی 157 تاوەکو 219 و چەند ماددەیەکی دیکە) راگیرابوو کە تایبەت بوون بە تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی گشتی.
دەقی یاسای ژمارە 21ی پەرلەمانی کوردستان:
پشت بە حوکمەکانی بڕگەی (1)ی ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1)ی هەموارکراوی ساڵی (1992) و لەسەر داوای ژمارەی یاسایی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، ئەنجوومەن لە دانیشتنی رۆژی (2003/9/25)یدا بڕیاری بە یاساکاری کردنی ئەم یاسایەی خوارەوەی دا:
یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003:
ماددەی یەکەم:
ماددەی (156) لە یاسای سزاکانی عێراقیی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەمووارکراو لە کار دەخرێ و، ئەمەی خوارەوە، لە هەرێمی کوردستان عیراقدا جێگای دەگرێتەوە:
"هەرکەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتا هەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزادەدرێت.
ماددەی دووەم :
لە ماددەی (157)ەوە تا دەگاتە ماددەی (189) لە یاسای سزاکانی عیراقیی ژمارە (111)ی ساڵی(1969)ی هەمووارکراو کە تایبەتن بە تاوانەکانی زیانبەخش بە ئاسایشی دەرەوەی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستاندا لە کار دەخرێن.
ماددەی سێیەم:
لە ماددەی (190) ەوە تاوەکو دەگاتە ماددەی (195) و لە ماددەی (198) یشەوە تاوەکو دەگاتە ماددەی (219) لە یاسای سزاکانی عیراقیی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی هەموارکراو کە تایبەتن بە تاوانەکانی زیانبەخش بە ئاسایشی ناوەوەی دەوڵەت، لە هەرێمی کوردستاندا لە کار دەخرێن.
ماددەی چوارەم:
ماددەکانی (223، 224، 225، 227، 228) لە یاسای سزاکانی عیراقیی ژمارە(111) ی ساڵی (1969)ی هەمووارکراو کە تایبەتن بە تاوانەکانی دژ بە دەسەڵاتی گشتی، لە هەرێمی کوردستاندا لە کار دەخرێن.
ماددەی پێنجەم:
پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران حوکمەکانی ئەم یاسایە بخاتە بوارەوە.
ماددەی شەشەم:
ئەم یاسایە لە رۆژی دەرهێنانییەوە دەخرێتە بەرکار و لە (وەقایعی کوردستان)دا بڵاو دەکرێتەوە.
د. رۆژ نوری شاوەیس
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی ـ عێراق



