رووداو دیجیتاڵ
لە گرێبەستێکدا لە یەکێک لە کێڵگەکانى نەوت لە باشوورى عێراق نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار لە ماسک و دەستکێش بەهەدەر دراوە، چوار کۆگەى جەمەلۆن بە 12 ساڵ جێبەجێنەکراوە، لە بودجەى 2019 دا زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارى قەزرى گشتى دەرکەوتووە.
ئەو دۆسیانە بەشێک بوون لە راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بۆ ساڵى 2025 کە چوارشەممە 22ى تەمووزى 2026 بڵاویکردەوە.
پڕۆژەى بێ سوود
یەکێک لەو دۆسیانەی کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردووە، گرێبەستی نێوان کۆمپانیای نەوتی زیقار و کۆمپانیای "بۆناتی"ی ئیتاڵییە کە تێچووی خەمڵێنراوی پڕۆژەکە 3.5 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیا ئیتاڵییەکە، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەستۆپاکی لە دەستەی گشتیی باج نەکردووە بۆ ئەو پارەیەی بەهۆی گرێبەستەکەوە لەسەر شانی بووە؛ ئەوە جگە لەوەی سزای پێبژاردنی دواکەوتنی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نەداوە و کۆمپانیای نەوتی زیقاریش سزای پێبژاردنی کۆمپانیا ئیتاڵییەکەی نەداوە بۆ ئەو دواکەوتنە.
یەکێکی دیکە لە دۆسیەکان ئەوە بووە کە دوو گرێبەست لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باشوور و کۆمپانیای FMCی ئەمریکی واژۆ کراوە، بەبێ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان سوودی پڕۆژەکە پەسند بکات کە لە کەرتی گازدا بووە.
دیوانی چاودێریی دارایی تێبینیی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیای ئیتاڵیی "فلۆد" نووسیوە کە لە کێڵگەی غەراف لە بەسرە کار دەکات؛ بەگوێرەی گرێبەستەکە دەبوو لە نۆ مانگدا کارەکەی تەواو بکردایە کە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵی 30 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام کۆمپانیاکە 13 مانگ لە جێبەجێکردنی دواکەوتووە.
ئەوە جگە لەوەی ئەو گازەی بەرهەمهێنراوە سوودی لێ نەبینراوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و داهاتیشی بۆ خەزێنەی گشتی نەبووە.
کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای TPIC واژۆ کردووە بۆ هەڵکەندنی بیرە نەوتێک بەبڕی 6.4 ملیۆن دۆلار، بەڵام کۆمپانیا عێراقییەکە 67.2 هەزار دۆلاری دیکەشی داوە بۆ هەڵکەندنی بیرێکی 25 مەتری دیکەی نەوت، کە ئەوەش پێچەوانەی گرێبەستی نێوانیان بووە.
ملیۆنێک دۆلار لە ماسک و دەستکێش بەهەدەرچووە
دیوانی چاودێریی دارایی ئاماژەی بەوە داوە گرێبەستێک بۆ کێڵگەی نەوتی زوبێر واژۆ کراوە بۆ کڕینی دەستکێش و ماسک بۆ کارمەندان لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2021دا.
دەرکەوتووە یەک ماسک و جووتێک دەستکێش و قوتوویەکی 100 میلیگرامیی پاککەرەوە و یەک ژەم خۆراک لە هەفتەیەکدا 9.8 دۆلار لەسەر حکومەت کەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کێڵگەیە 550 فەرمانبەری هەیە.
گرێبەستەکە بۆ ماوەی ساڵێک بووە و دوو ملیۆن و 176 هەزار دۆلاری لەسەر هەژمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەگەر هەر 550 فەرمانبەرەکەش پێکەوە هەموو رۆژێک کاریان کردبێت، دەبێت 281 هەزار دۆلاری تێ بچێت، بۆیە دەرکەوتووە کە 1.8 ملیۆن دۆلار بەهەدەر دراوە.
بە 12 ساڵ چوار کۆگا دروست نەکراوە
یەکێکی دیکە لە دۆسیەکان لەبارەی گرێبەستی دروستکردنی چوار کۆگای جەمەلۆن بووە لە ساڵی 2013دا بە بودجەی 1.2 ملیار دینار، کە دەبوو لە ساڵێکدا تەواو بکرێت.
دیوانی چاودێریی دارایی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ساڵی 2025دا و دوای 12 ساڵ، سەردانی شوێنی پڕۆژەکەیان کردووە و جێبەجێ نەکراوە، هیچ رێکارێکیش بەرامبەر بە کۆمپانیاکە نەگیراوەتە بەر. ئەوە جگە لەوەی هەر چوار کۆگاکە کراونەتە یەک بەبێ رەزامەندیی دیوانی پارێزگا.
یەکێکی دیکە لە دۆسیەکان کە دیوانی چاودێریی دارایی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردووە، گۆڕینەوەی بەرهەمە نەوتییەکانە لە نێوان عێراق و ئێراندا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەڵە کراوە لە تۆمارکردنی لیستی بازرگانی و چەند بارێکیش لە دەرەوەی بڕیاری ئاڵوگۆڕەکە بووە.
هەروەها جیاوازی بە بڕی 9.6 ملیۆن دینار هەبووە لە پاکتاوکردنی ئەو ئاڵوگۆڕەدا و چەند بارێکی دیکەیش تۆمار نەکراون کە بەهاکەیان 138.3 ملیار دینار بووە، ئەوە جگە لەوەی بە بەهای 12.2 ملیۆن دۆلار بار بە هەڵە تێکەڵ کراوە.
8 تریلیۆن دینار جیاوازى قەرزى گشتى هەبووە
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بودجەی گشتیی 2017دا 8.3 تریلیۆن دینار لە خەرجیی وەبەرهێنانى پڕۆژەکان تێپەڕیوە لەوەى بۆى دیاریکراوە، هەروەها 3.3 تربلیۆن دیناریش لە بەشەکانی وەبەرهێنان زیاتر لە بڕی دیاریکراوی خۆی تێپەڕیوە.
سەبارەت بە بودجەی 2019، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە 19.4 تریلیۆن دینار وەک قەرزی گشتی دیاریکراوە، لە کاتێکدا لە ژمێرەی کۆتاییدا 11.1 تریلیۆن دینار بووە و 8.2 تریلیۆن دینار جیاوازی لە نێوانیاندا هەبووە.
.jpg&w=3840&q=75)


