رووداو دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەى بەردەوامە لە بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکان و رێگەنەدان بەوەى هیچ چەکێک لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەتدا بمێنێت.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ برایان ماست، سەرۆکى لیژنەى کاروباری دەرەوەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا و ئەندامانى دیکەى لیژنەکە لە واشنتن، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ى تەمووز کرا.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، عەلى فالح زەیدی رایگەیاندووە، حکومەتەکەى بەردەوام دەبێت لە چاکسازیی ئابووری و بووژاندنەوەى ئەو کەرتانەى، کە دەکرێت وەبەرهێنان رابکێشن.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیاندا دەگرنەبەر و ژینگەیەکى لەبار بۆ وەبەرهێنان دەرەخسێنن و چاکسازى لە کەرتەکانى دارایی و بانکیدا دەکەن، کە بە گوتەى ئەو رێخۆشکەر دەبێت بۆ کارى کۆمپانیای زیاترى ئەمریکا لە عێراق.
بەگوێرەى راگەیێنراوەکە، سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى کاروباری دەرەوەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هاوبەشیی ئابووری و سیاسی لەگەڵ عێراق و فراوانکردنى وەبەرهێنانى نێوان هەردوو وڵات، دەربڕیوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، یوسف خەڵەف، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، گرێگۆری باگرام، باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق و محەممەد تەمیم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئامادە بوون.
رۆژی 13ی تەممووز عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەمریکا و 14ی تەممووز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.



