رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی گشتیی هیت لە پارێزگای ئەنبار، نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ رزگارکردنی ژیانی کچێکی 12 ساڵان کرا، کە تووشی دۆخێکی پزیشکیی دەگمەن ببوو بە ناوی "سپڵی گەڕۆک". ئەو دکتۆرەی کە نەشتەرگەرییەکەی کردوە، بە رووداوی گوت:"ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەک 501ـەمین کەیسی تۆمارکراو لەسەر ئاستی جیهان لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا بڵاودەکرێتەوە".
دکتۆر سەلام عادل شەمەری، راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی و هەناوی لە نەخۆشخانەی گشتیی هیت، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دوێنێ سێشەممە، نەخۆشەکە بە ئازارێکی تووندی سکەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە، دوای پشکنینە کلینیکییەکان و تیشکی سیتی سکان، دەرکەوت کە سپڵی بە تەواوی پێچی خواردووە و تووشی پووکانەوە بووە، بەو هۆیەوە خوێنی بۆ نەدەچوو."
دکتۆر شمەری، ئاماژەی بەوە کرد کە "سپڵی گەڕۆک" یەکێکە لە دۆخە زۆر دەگمەنەکانی جیهان، ئەمەش بەهۆی لاوازیی ئەو بەستەرانەوەیە کە سپڵ لە شوێنی سروشتیی خۆی لە سکدا جێگیر دەکەن.
دکتۆر شەمەری دەڵێت: "لەم جۆرە کەیسانەدا کات زۆر گرنگە، چونکە دواکەوتن دەبێتە هۆی لێکەوتەی مەترسیدار. دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە کە سپڵەکە لەکارکەوتووە و ناتوانرێت بپارێزرێت، بڕیارمان دا بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە دەریبهێنین، خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و ژیانی کچەکە رزگار کرا."
بەگوتەی ئەو دکتۆرە، "ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەک 501ـەمین کەیسی تۆمارکراو لەسەر ئاستی جیهان لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا بڵاودەکرێتەوە." گوتیشی: "ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی کارکردنی تیمێکی پزیشکیی لێهاتووە و ئاستی بەرزی پزیشکانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە ئاڵۆزەکاندا نیشان دەدات".
نەخۆشیی "سپڵی گەڕۆک"(Wandering Spleen) دۆخێکی زۆر دەگمەنە و بەهۆی نەبوون یان لاوازیی ئەو بەستەرانە دروست دەبێت کە سپڵ لە شوێنی سروشتیی خۆی لە لای چەپی سەرەوەی سک جێگیر دەکەن. ئەمەش وادەکات سپڵەکە لەنێو سکدا بجووڵێت و ئەگەری پێچخواردنی دەمارە خوێنییەکانی لێبکەوێتەوە.
ئەو تیمەی نەشتەرگەرییەکەیان کردبوو، پێکهاتبوون لە، د. سەلام عادل شەمەری د. بەراء فەریح (پسپۆڕی سڕکردن) مستەفا محەممەد، ئەحمەد تالیب، سەباح بەدر، محەممەد تەحسین، رامی ئەمین، وەسیلە محەممەد و هودا جەمال.

.webp&w=3840&q=75)

