رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی "سەرانە" لە خەڵک و وەبەرهێنەران بستێنن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 15ـی تەمموزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەموو ئەو ئۆپەراسیۆن و رێکارە جۆرییانەی لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەیکەن، "بەپێی رێکارە یاساییەکان و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری بووە."
دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا لە دامەزراوە فەرمییەکان، وەبەرهێنەران و هەموو هاووڵاتییان دەکات، بە وردی دڵنیاببنەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە دەکەن و خۆیان وەک کارمەندی دەستپاکی دەناسێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک کەس بۆ "مەرامی نزم" و ترساندنی خەڵک، ئەو هەڵمەتە نیشتمانییەیان قۆستووەتەوە بە هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن بەڕێوەدەچێت، تاوەکو پارە و سەرانە لە خەڵک بستێنن.
لە راگەیەنێدراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هاووڵاتییان وەڵامی ئەو کەسانە نەدەنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان پەیوەندییان پێوە دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن سەر بە دەستەکەن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا دەکات لە کاتی روودانی هەر بابەتێکی لەو شێوەیە، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارەی بێبەرامبەری (154) بکەن، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن ئەو کەسانە لە دەستگیر بکەن.
.webp&w=3840&q=75)


