رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە سێ پارێزگای باشووری عێراق دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی کەشناسیی و بوولەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرماش لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی کەشناسیی عێراق، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەرزترین پلەی گەرما لە کەرکووک تۆمار دەکرێت کە 44 پلەیە؛ لە هەولێر 42 پلە و لە هەریەک لە سلێمانی و دهۆکیش 41 پلەی سیلیزی دەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گەرما تووندتر دەبێت؛ لە هەریەک لە پارێزگاکانی بەسرە، مەیسان و زیقار پلەی گەرما دەگاتە نیوەی پلەی کوڵان و 50 پلەی سیلیزی تۆمار دەکەن؛ لە بەغداش بەرزترین پلە 47 پلەی سیلیزی دەبێت.
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسیی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان لە مانگی تەممووزدا تاوەکو ئێستا تاڕادەیەک ئاساییە چونکە لە مانگی تەممموز و چلەی هاوین دان، بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردووش پلەی گەرما نزمترە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بەتایبەتی لە کۆتایی ئەم مانگدا پلەی گەرما بەرزبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگاکان:
هەرێمی کوردستان و کەرکووک:
- هەولێر: 42
- سلێمانی: 41
- دهۆک: 41
- کەرکووک: 44
ناوچەکانی عێراق:
- بەغدا: 47
- نەینەوا: 44
- بەسرە: 50
- مەیسان: 50
- زیقار: 50
- نەجەف: 48
- کەربەلا: 48
- موسەننا: 48
- دیوانییە: 47
- واست: 47
- بابل: 47
- دیالە: 47
- سەلاحەدین: 46
- ئەنبار: 45


.jpeg&w=3840&q=75)