رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا فەرماندەی هێزی دەریایی و یەکێک لە بریکارانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی لیژنە پەیوەندیدارەکان بکات، ئەمەش دوای کوژرانی ماسیگرێکی خەڵکی بەسرە لە سنووری ئاوی هاوبەشی نێوان عێراق و کوێت.
بڕیارى میوانداریکردنەکە لەلایەن عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە دەرکراوە بۆ ئەوەی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری میوانداریی فەرماندەی هێزی دەریایی و لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش میوانداریی بریکاری وەزارەتی دەرەوە بکرێت.
سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: میوانداریکردنی فەرماندەی هێزی دەریاوانیی عێراق لە لیژنەکەیان رۆژی پێنجشەممە (16ی تەممووز) دەبێت.
ئەو میوانداریکردنە بەهۆی کوژرانی ماسیگرێکی خەڵکی بەسرەوەیە لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریایی کوێت، کە 10ی تەممووز تەرمەکەی گەڕێنرایەوە؛ ئەو رووداوە کاردانەوەی جەماوەری لە بەسرە لێکەوتەوە و خۆپێشاندانی بۆ کرا.
مازن غەریب رایگەیاند، بڕیارە لە لیژنەکەیان پرسیار لەبارەی ئەو رووداوە و رێکارەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاوی هاوبەش لەگەڵ کوێت لە فەرماندەی هێزی دەریاوانی بکرێت.
ئەو ماسیگرە لەگەڵ چوار ماسیگری دیکە لە بەلەمێکدا لە ناوچەی خۆر عەبدوڵڵا بوون، کە لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریییی کوێتەوە تەقەیان لێکرا و یەکێکیان کوژرا و چوارەکەی دیکە دەستگیرکران، دواتر رادەستی عێراق کرانەوە.




