رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بە سەردانێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رۆڵی عێراقیان لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە کاتی بەغدا، عەلی فالح زەیدی لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتنی پایتەخت، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "ئاسۆی هاوکاریی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کرا."
هەروەها باس لە رەوتی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو پێشکەوتنانە کراوە کە لە ماوەی رابردوودا بەدەستهاتوون، لەگەڵ تاوتوێکردنی رێگەکانی فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری و هاوبەشیی نێوانیان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە کردووە". لەو چوارچێوەیەشدا، جەختیان لە "گرنگیی پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە کردەوە کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانە."
هاوکات ئاماژەیان بە "ئەو رۆڵە گرنگە کرد کە عێراق دەتوانێت بیبینێت لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و بەشداریکردن لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لەسەر ئاستی هەرێمی."

