رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دەڵێ، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی و گفتوگۆی چڕ، گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەستپێدەکەنەوە. بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانە رێگە بە 40 گەشت دەدرێ، بەڵام رێگەپێدانەکە کۆمپانیای (ماهان ئێیەر) ناگرێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی هەینی (2ـی تشرینی یەکەمی2026) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی گەشتیار و زیارەتکاران و پاڵپشتیکردنی لایەنی مرۆیی و پزیشکی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وردی بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی راگرتنی گەشتەکان کرد".
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم هەوڵانە بوونەهۆی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی 40 گەشتی ئاسمانیی رۆژانە لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەپێچەوانەوە، "تەنیا کۆمپانیای ماهان ئێیەر نەبێت کە رێگەی گەشتی پێنادرێ."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکای کردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی عێراق و هاوکارییان لە پێدانی "بەدەرکردنی پێویست" بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان. زەیدی دەڵێ: "ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، خوێندن و زیارەتی ئایینی گەشت دەکەن".
عەلی زەیدی راشیگەیاند: "عێراق لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا بەرژەوەندیی گەلەکەی رەچاو دەکات و دەیەوێ پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان دروست بکات کە خزمەت بە ژیانی خەڵک و گەیاندنی گەلان بەیەکدی بکات."
بەهۆی تووندبوونەوەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە هەینی رابردووەوە راگیران.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی، لە ترسی سزاکانی واشنتن، رەتیان کردەوە خزمەتگوزاریی زەوینی و سووتەمەنی بدەنە فڕۆکە ئێرانییەکان.
فڕۆکەخانەی نەجەف کە ناوەندێکی سەرەکیی زیارەتکارانی ئایینییە، زۆرترین کاریگەریی ئەم بڕیارەی لەسەر بوو.


