رووداو دیجیتاڵ شاندێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆری عێراق سەردانی خێزانی ئەو دوو گەنجەیان کرد کە لە ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک شەهید بوون و بەڵێنیاندا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت رووبەڕووی دادگەی بکەنەوە. رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی ئەمنیی باڵا لە دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە یاوەری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، چوونە پرسەی ئەو دوو گەنجەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ناحیەی پردێ شەهید بوون. شاندەکە سەرەخۆشیی فەریق روکن زەید مووسەوی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی گەیاندە بنەماڵەی شەهیدەکان. شاندەکە بەڵێنیان بە دایکی یەکێک لە شەهیدەکان دا کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و راستیی رووداوەکە وەک خۆی ئاشکرا دەکەن. رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە پێکهێنا و 72 کاژێری بۆ لیژنەکە دیاری کرد. رووداوەکە رۆژی دووشەممە روویدا و دوێنێ پێنجشەممە دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان بەدوای دوو چەکدار کەوتوون کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو. بە گوێرەی دژەتیرۆری عێراق، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا یەکێک لە داعشەکان کوژرا و ئەوی دیکە دەستگیر کرا، بەڵام دوو هاووڵاتیی سڤیلیش گیانیان لەدەستدا و چوار کارمەندی دژەتیرۆریش بریندار بوون. رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەیان کرد و رایانگەیاند کە ئەو دوو کەسەی شەهید بوون، دوو گەنجی سڤیلی ناحیەکەن و گوتیان: "دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم رووداوە سزا بدرێن، هەر پلە و پۆستێکی سەربازییان هەبێت." حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە کە قەرەبووی دارایی و مەعنەویی خێزانی قوربانییەکان بکاتەوە و هەر کەمتەرخەمییەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەلمێندرا، رەوانەی دادگەیان بکات. دوای گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە لایەن تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بەو بڵاوکراوەیەی لە پەیجی فەرمیی دژەتیرۆر، کە تێیدا تەرمی محەممەد هێمن وەک چەکدارێکی داعش ناسێندراوە، پۆستەکە لە پەیجی فەرمیی دژەتیرۆر سڕایەوە. رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2026، لە رووداوێکدا لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی محەممەد هێمن و موراد زانا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقدا کوژران. کەسوکاری یەکێک لە دوو مێرمنداڵە کوژراوەکان و بەرپرسانی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی شاردنەوەی "هەڵەیەکی کوشندە"یان داوە لە رێگەی دانانی ناسنامەیەکی ساختەی داعش لە گیرفانی یەکێک لە مێرمنداڵە کوژراوەکان.
عێراق02-10-2026عالیە نوسێف لە زیندانەوە پەیامێک ئاراستەی سەرکردە شیعەکان دەکات: "بۆچی بەرگریم لێناکەن؟"
عێراق02-10-2026دوای راگرتنیان؛ گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فرۆکەخانەکانی عێراق بە مەرج دەستپێدەکەنەوە