رووداو دیجیتاڵ
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنە لە سەرکردە سیاسییەکانی شیعە دەگرێ کە بەرامبەر ئەو دۆخەی تێیکەوتووە بێدەنگن و دەشڵێت: "نە بانکم هەبووە و نە پاڵاوگە، تەنیا بەرگریم لە مافەکانی عێراق کردووە."
نوسینگەی راگەیاندنی عالیە نوسەیف، رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، نامەیەکی پەرلەمانتارە پێشووەکەی لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاوکردەوە کە لە نێو زیندانەوە نووسیویەتی.
عالیە نوسەیف لە نامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی 22 ساڵەی کاری سیاسیی خۆی کردووە و دەڵێت: "لە هەموو قۆناخەکاندا بەرگریم لە شیعە، دامەزراوەی یاسادانان و دادوەری کردووە و رێگەم نەداوە سووکایەتییان پێبکرێ."
عالیە نوسێف دەڵێ: "دوای ئەو هەموو ساڵە لە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی عێراق، چییان لای من دۆزیوەتەوە؟ ئایا من خاوەنی بانک، پاڵاوگە، هۆتێل و مۆڵم، یان وەبەرهێنانی وەهمیم هەبووە وەک ئەوەی هەندێک کەسی دەروون بچووک دەیکەن؟"
ئەو پەرلەمانتارە پێشووە رووی دەمی دەکاتە سەرکردە شیعەکان و دەڵێت: "زۆربەی ئەو سەرکردە شیعانەی ئێستا لەسەر کورسی دەسەڵاتن، بەهۆی بەرگرییەکانی ئێمەوە گەیشتوونەتە ئەو شوێنە. کوا هەڵوێستتان بەرامبەر کەسێک کە هەموو ژیانی بۆ بەرگری لە ئێوە تەرخان کرد؟"
عالیە نوسەیف، رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بە بڕیارێکی دادگە بە 7ساڵ زیندانیی سزا درا، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئاشکراکردنی ساماندا.
بڕیارەکە بەپێی مادەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەرچووە.
هاوکات بڕیاردرا ئەو کەسە پابەند بکرێ بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 61 ملیار دینار، کە بەهای ئەو سامانەیە بە نایاسایی بەدەستی هێناوە.
دادگە بڕیاری دا دەست بەسەر سەرجەم سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی عالیە نوسەیفدا بگیرێ.


