دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە مانگێکدا لە دەروازەکانی بەغدا دەستی بەسەر 137 بارهەڵگردا گرتووە کە خۆراکی قەدەخەیان تێدا بووە. یەکشەممە 12ی تەمووزی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو 137 بارە لە ماوەی مانگێکدا دەستیان بەسەردا گیراوە، لە دوای ئەوەی بازگە و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کراون. بەگوێرەی رێکارەکانی حکومەتی عێراق، بە پاساوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی خۆراکی قەدەخەن هاوردە بکرێن. ئەرشەد حاکم رایگەیاند، ئەو 137 بارهەڵگرە لە بازگەکانی دەوروبەری بەغدا دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها لە دەروازە سنوورییەکانیش دەست بەسەر 20 بارهەڵگری دیکەدا گیراوە و 12 هەوڵی بەقاچاخبردنیش شکستیان پێهێنراوە. لە 18ی حوزەیرانەوە بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەرکى پاراستن و سەرپەرشتیی ئەمنیی بازگە و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرا کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدا بوون. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لەو ماوەیەدا چەندین جۆری سەرپێچی لە بازگە و دەروازە سنوورییەکان ئاشکرا کراون، لەوانە: ساختەکارى لە بەڵگەنامە فەرمییەکان و دەستکاریکردنیان، جیاوازی لە زانیاریی بارەکان، هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە باج، هەوڵدان بۆ هاوردەکردنی هەندێک کاڵا کە هاوتای ئەو جۆرە نییە کە رێگەی پێدراوە، هەندێک کاڵای دیکە وەک کەرەستەی کشتوکاڵی ناسێندراون، بەڵام لە کاتی هاتنە ناو عێراق کراون بە پیشەسازی بەوەش جیاوازى لە نرخەکەیدا دروست دەبێت، ئەوە جگە لە جیاوازیی نێوان کێشی بارەکان.
عێراق12-07-2026وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: چاودێریمان بۆ خەرجکردنی پارەکانمان لە عێراق توند ناکەین