رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری فەرمیی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین لە سوپاوە بۆ پۆلیسی خۆجێیی دەرچوو. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، لە سنووری خورماتوو بازگەیەکی سەربازی کێشەی بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی 50 گوند دروستکردووە و پێویستە رادەستی پۆلیس بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە دەرچووە و تەنیا دیاریکردنی رۆژی مەراسیمی رادەستکردنەوەکە ماوە."
بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم کارە ئەمنییەکان لە سوپاوە دەدرێنە دەست پۆلیسی خۆجێیی و هیچ هێزێکی دیکەی سەربازی لەنێو شارەکاندا نامێنێتەوە.
سەلاحەدین یەکێکە لەو شەش پارێزگایەی عێراق کە تاوەکو ئێستا دۆسیەی ئەمنیی شارەکانی رادەستی وەزارەتی ناوخۆ نەکراوە و لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لەنێو شارەکاندا باڵادەستن.
سەبارەت بە دۆخی قەزای دوزخورماتوو، یاسین داوودی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان کێشەیەکی گەورەیان لەگەڵ بازگەیەکی سوپای عێراق هەیە لە باشووری رۆژهەڵاتی قەزاکە و گوتی: "ئەو بازگەیە، بووەتە رێگر و کێشەی بۆ هاتووچۆی جووتیارانی 50 گوندی کوردنشین دروستکردووە؛ هەربۆیە داوا دەکەین ئەو بازگەیەش رادەستی پۆلیس بکرێت."
ئەو بازگەیە کە بە بازگەی چینکۆ ناسراوە، رێگەی هاتووچۆی خورماتووە لەگەڵ کەرکووک و سنووری گەرمیان.
گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە سوپاوە بۆ پۆلیسی نێوخۆیی، بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکان و کەمکردنەوەی سیمای سەربازی لە سەنتەری پارێزگاکاندا، کە لە دوای 2014 بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی داعش دروست بووە.



