رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق 1.7 تریلیۆن دیناری لە سندووقی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی کێشاوەتەوە، لە کاتێکدا 1.3 ملیۆن خێزان مامەڵەکانیان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی تەرخانکراوی داراییەوە هاوکارییەکان وەرناگرن.
ئەم زانیارییانە لە نێو راپۆرتی لیژنەیەکی لاوەکیی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقدا هاتوون کە تایبەت بووە بە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
بەپێی راپۆرتەکە، کۆی پارەی سندووقی پاراستنی کۆمەڵایەتی 2.4 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی 1.7 تریلیۆن دیناری لێ بردووەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بە روونی ئاشکرا بکات؛ لە بەرامبەردا بانکی رافیدەین رایگەیاندووە بەهۆی کێشەی کەمیی نەختینەوە (کاش) ناتوانێت ئەو پارەیە بۆ وەزارەت تەرخان بکات.
بەگوێرەی داتاکانی نێو راپۆرتەکە تاوەکو تەممووزی ئەم ساڵ، دوو ملیۆن و 51 هەزار و 527 خێزان مانگانە بە بڕی 450 بۆ 460 ملیار دینار هاوکاریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە. هەروەها 1.3 ملیۆن خێزانی دیکە مامەڵەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەن، کە مانگانە پێویستیان بە 267.9 ملیار دینارە.
ئەو توێژانەی هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە (کەمئەندامان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بێ هاوسەران، بێ باوان، نەوجەوانانی دەستگیرکراو و منداڵانی نەخۆش) و بڕی پارەکەش مانگانە لە نێوان 100 بۆ 500 هەزار دیناردایە.
لیژنەکەی دەستپاکی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیاندا دەرکەوتووە، نزیکەی 300 هەزار خێزان بە ناڕەوا مووچە و هاوکاریی پاراستنی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە. لەو چوارچێوەیەشدا تاوەکو ئێستا 189.6 ملیار دینار لەو پارانە گەڕێندراونەتەوە و پرۆسەی وەرگرتنەوەیان بە قیستی مانگانە بەردەوامە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، لیژنەی دەستپاکی داوای کردووە بڕیارێکی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیران رابگیرێت کە بووەتە هۆی بێبەشبوونی کەسانی نوێ لە وەرگرتنی هاوکارییەکان، هەروەها داوا کراوە، پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو 1.7 تریلیۆن دینارە بۆ دەستەکە بگەڕێنێتەوە.
هاوکات داواش کراوە بودجەی تایبەت بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت؛ چونکە تەنیا بڕی هەزار دینار بۆ خەرجیی هاتووچۆی هەر توێژەرێک دیاریکراوە و ئەمەش وایکردووە بەشێک لە خێزانەکان لەسەر گیرفانی خۆیان پارەی گواستنەوەی توێژەران بدەن.




