رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، نیگەرانیی زۆر لە وەزیری دارایی هەیە، بەهۆی ئەوەی بەبێ راوێژ و ئاگاداریی پەرلەمانتاران پڕۆژەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026 دەکرێت. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بەوەی کە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەبێ راوێژ بە لیژنەکە پرۆژەکەی ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی بودجەیە، هاوکات بۆچوونی لیژنەکە لەسەر وەزیری دارایی تاوتوێ دەکرێت، چونکە رێگری دەکات لەوەی زانیاری لەبارەی بودجەوە بگاتە دەستی پەرلەمانتاران و لەسەر ئەم پرسە نیگەرانییەکی زۆر هەیە."
رۆژی 27ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027ی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. بەڵام پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت: "پێشتر لەگەڵ وەزیری دارایی رێککەوتبووین ناردنی پڕۆژەیاساکە بۆ 15ی تشرینی یەکەم دوابخرێت، تاوەکو گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت، کەچی بەبێ هیچ راوێژێک پڕۆژەکەی پێشوەختە رەوانەی حکومەت کردووە."
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوول پڕۆژەیاساکە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمیشدا بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسندکردن.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکى باڵای سێ کەسی پێکهێنابوو بۆ ئەوەى نوێنەریان بێت لە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.



