رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 کردووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت، لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا پڕۆژەیاساکە دەدرێتە پەرلەمان.
موزهەر محەممەد ساڵح، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی ماوەی چەند هەفتەیەکە بەپێی ئەو خشتە کاتییەی لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراودا هاتووە، دەستی بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 کردووە."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، راوێژکارەکەی عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، رەشنووسی یاساکە سەرەتا دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری بۆ گەنگەشەکردن، دواتر لە مانگی ئەیلوولدا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسندکردنی، تاوەکو لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی.
ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نییە، موزهەر محەممەد ساڵح، باسی لەوەش کرد، لە خەرجییە وەبەرهێنانەکانی بودجەی 2027ـدا، پێشینەی کارەکان بۆ کەرتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەبێت، هاوکات جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپانەی لە کارنامەی حکومەتدا هاتوون دەبنە بنەمای سەرەکیی بودجەی ساڵی داهاتوو و ساڵانی دواتریش.
لە سەردەمی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، عێراق بودجەی سێ ساڵی پەیڕەو کرد 2023 و 2024 و 2025. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 لە مانگی 10ـدا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت. لیژنەی دارایی بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و کاتێک یاساکە گەیشتە پەرلەمان، گۆڕانکاریی پێویستی تێدا دەکرێت."



