رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور توانیویانە "دەستکەوتێکی مێژوویی" تۆمار بکەن و لە ناوچەی هۆری حوێزە بە تەواوی کۆنترۆڵی هێڵی سنووری نێوان عێراق و ئێران بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێک دا لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکە رایگەیاند، "هێزەکانی پاسەوانی سنوور توانیویانە بەربەستێکی خۆڵ بە درێژایی 50 کیلۆمەتر لەسەر خاڵی سفری سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران دروست بکەن، کە بە بنکە و سیستەمی کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو توندوتۆڵ کراوە."
ئەم پڕۆژەیە کە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بووە، بە گوتەی لیوا میری بە تەواوی لەلایەن کەتیبە ئەندازیارییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و بە توانا و کەرەستەی ناوخۆیی جێبەجێ کراوە. دەشڵێت، "لەبەر ئەوەی ناوچەکە ژینگەیەکی زۆر سەختی هەیە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکان."
درێژیی سنووری عێراق لەگەڵ ئێران هەزار و 420 کیلۆمەترە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم هەنگاوە "کۆتایی بە هەموو کردەوەکانی دزەکردن و قاچاخچێتی لەو سنوورە دا دەهێنێت."
میقداد میری راشیگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەی هۆری حوێزە بۆ مەبەستی گەشتیاری، راوەماسی و ئاژەڵداری بە رووی هاووڵاتییان دا بکرێتەوە، بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکە دا دروست بێت."
هۆری حوێزە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە و لە رووی کارگێڕییەوە بەسەر هەردوو پارێزگای میسان و بەسرە دا دابەش بووە، هەروەها بەشێکی گەورەی دەکەوێتە ناو خاکی ئێران و لەوێ بە "هۆری عەزیم" ناسراوە.



