رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە کە باس لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق دەکەن و دەڵێن، ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە."
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەواڵی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق دوورە لە راستییەوە و ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە."
درەنگیی شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان، نووسراوێک بە واژۆی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاوکرایەوە. لە نووسراوەکەدا داوا لە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) کراوە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەستگیربکەن.
لەو نووسراوە ساختەیەدا وا نیشان دراوە کە گوایە وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق کەیسێکی گەندەڵیی دارایی بە بڕی 16 ملیار دیناری لەسەرە و بەرەو ئوسترالیا هەڵاتووە، بۆیە داوای دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەی بە عێراق دەکرێ.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو نووسراوە "ساختە و ناڕاستە" و هۆشداریی دایە ئەو کەسانەی رەفتاری لەو شێوەیە دەکەن و رایگەیاند، رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.



