رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی باکووری بەسرە ڤیدیۆی ساتەوەختی رزگارکردنی پزیشکێکی ڤێتێرنەری بڵاوکردەوە کە رفێندراوبوو و داوای 300 ملیۆن دیناری لێدەکرا.
پۆلیسی باکووری بەسرە رایگەیاند: "رۆژی هەینی، 19ـی ئەیلوول، دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت لەسەر رفاندنی پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە قەزای مەدینە، تیمێکی تایبەت پێکهێندرا. رفێنەرەکان لەرێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە و گوایە مەڕ و ماڵاتیان نەخۆشە و پێویستیان بە هاوکارییە، پزیشکەکەیان بۆ ناوچەیەکی دوورەدەست بردووە."
هێزە ئەمنییەکان بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و چاودێریی وردی مەیدانی، شوێنی رفێنەرەکانیان لە زۆنگاوەکانی "زجری" دۆزیوەتەوە، کە ناوچەیەکە لەنێوان سنووری پارێزگای بەسرە و زیقار.
پۆلیسی بەسرە دەڵێت: "کاتێک هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە، رفێنەرەکان بەبەلەمێک بەرەو ناوەڕاستی زۆنگاوەکان هەڵاتوون و پزیشکەکەیان جێهێشتووە. پزیشکە رفێندراوەکە بەسەلامەتی رزگارکراوە و گەڕێندراوەتەوە ناو خێزانەکەی."


