رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی عێراق دەڵێ: "پۆلێنکردنی کاڵاکان و دیاریکردنی رێژەی باجی گومرگی تەنیا لە دەسەڵاتی ئێمەیە. ڤیتامینەکان بە دەرمان هەژمارناکرێن".
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی شەممە (19ـی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پۆلێنکردنی کاڵا و شمەک و دیاریکردنی کۆد و رێژە گومرگییەکان، تەنیا لە دەسەڵاتی تایبەتی دەستەی گشتیی گومرگدایە."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق گوتی: "پشکنینی هەر مادەیەک یان وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەو مانایە نییە کە مادەکە لە رووی گومرگییەوە وەک دەرمان پۆلێن بکرێ، چونکە رەزامەندییە تەندروستییەکان بابەتێکی جیاوازن و پۆلێنکردنی گومرگی و دیاریکردنی رێژەی باجیش بابەتێکی دیکەیە کە تەنیا لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی دەستەی گشتیی گومرگدایە."
سەبارەت بە رێژەی باجی سەر دەرمان و ڤیتامینەکان، سامر قاسم داود گوتی: "رێژەی باجی گومرگی دەرمانەکان (0.5٪)، بەڵام ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی خۆکارانە وەک دەرمان مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو بەپێی سرووشت، پێکهاتە، خەسڵەتی تەکنیکی و کۆدی نێودەوڵەتییان پۆلێن دەکرێن و بەپێی ئەو پۆلێنەیش رێژەی (5٪ یان 10٪)ی باج دەیانگرێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێڕاق گوتی، ناوی بەرهەمەکە یان پشکنینی تەندرووستی، پۆلێنە گومرگییەکەی ناگۆڕێ و رێگە نادرێ هیچ کاڵایەک لە بەندێکەوە بۆ بەندێکی دیکە بگوازرێتەوە.


