رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار گەیشتە 159 هەزار دینار؛ بانکی ناوەندیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، یەدەگی دراوی بیانیی وڵات لە ئاستێکی تەواو پێویستدایە و بەرزبوونەوەی دۆلاریش بۆ "قۆستنەوەی بارودۆخی ناوچەکە" دەگەڕێنێتەوە.
چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەمڕۆ شەممە نرخی هەر 100 دۆلارێک لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری هەولێر و سلێمانی گەیشتە 159 هەزار دینار.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە گرانیی نرخ و خاوبوونەوەی جووڵەی بازاڕ دەکەن و رایگەیاندووە، "بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگێکی گونجاو و تەواوی لە دراوی بیانی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم داواکارییەکان لەسەر دراوی بیانی، بەتایبەت بۆ دابینکردنی داراییی بازرگانیی دەرەکی، دراو بۆ کارتە بانکییەکان و دابینکردنی دۆلاری نەختینە بۆ گەشتیاران بەپێی نرخی فەرمیی پەسندکراو."
ئاماژەی بەوەش کردووە، دابینکردنی دۆلار لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەردەوامە و هیچ گرفتێک لە پڕکردنەوەی پێداویستییە فەرمییەکانی هاوردەکردندا نییە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار چییە؟
لەبارەی هۆکاری جیاوازیی گەورەی نێوان نرخی فەرمی (132 هەزار دینار) و نرخی بازاڕ (159 هەزار دینار)، بانکی ناوەندی پەنجەی تۆمەت بۆ بازاڕ و نووسینگەکانی دراو درێژ دەکات و دەڵێ، "بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕە ناوخۆیییەکاندا بۆ پێشبینییە چەواشەکارەکان و خراپ بەکارهێنانی بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دەگەڕێتەوە لەلایەن هەندێک کەسەوە کە سوودمەندن لە شڵەژاندنی بارودۆخی ئابووری و داراییی وڵات."
بانکی ناوەندی دڵنیایی دەدات کە بازرگانان دەتوانن بە ئاسانی لەڕێگەی پلاتفۆرمی فەرمییەوە دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، ئەمەش بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هاوردەکردنی کاڵاکان بدرێت و پێویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەیدا، بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان و بازرگانان دەکات نەکەونە داوی دەنگۆ و پێشبینییە نادروستەکان و دەڵێت، "داوا لە هاووڵاتییانی بەڕێز دەکەین تەنیا پشت بە زانیاری و داتای فەرمیی دەرچوو لە بانکی ناوەندی ببەستن و بەدوای ئەو هەواڵانە نەکەون کە لە سەرچاوەی ناڕوون و باوەڕپێنەکراوەوە بڵاودەکرێنەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، هەر هاووڵاتییەک گومانی سەرپێچی لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو یان بانکەکان هەیە، دەتوانێت لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراقەوە سکاڵا و زانیارییەکانی بنێرێت تاوەکو رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.


