رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی عەشایەری رایدەگەیێنێت، لە سێ رۆژی داهاتوودا 64 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیر دەکرێن. دەشڵێت: "هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هەولێر هەیە و پەرلەمانتارانی سلێمانی و دهۆکیش لە لیستی داواکراوان دان."
عەبدولڕەحمان جەزائیری، کە هاوکاتە فەرماندەیە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاریی وردی لەبارەی "هەڵمەتی بەرەبەیان" و دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا ئاشکرا کرد.
پێکهێنانی شەش تیمی تایبەت و چاودێریی دیجیتاڵی
عەبدولڕەحمان جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ستراتیژییەکی نوێی گرتووەتەبەر و بۆ ئەو مەبەستە شەش تیمی تایبەتی پێکهێناوە. یەکێک لە گرنگترین تیمەکان، تیمی (هەواڵگریی دیجیتاڵی)یە کە کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری لەڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بۆ ئاشکراکردنی تۆڕەکانی گەندەڵی.
سەبارەت بەو ناوانەی کە خراونەتە ژێر چاودێری یان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، ئەو فەرماندەیەی حەشدی دیفاع گوتی، "لە سێ رۆژی داهاتوودا 64 کەس دەستگیر دەکرێن."
ئەو فەرماندە ئەمنییە ئاشکرای دەکات کە تەنیا بەیانیی ئەمڕۆ، زیا جەعفەر، دادوەری دادگەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ " 14 کەسایەتیی گرنگ" دەرکردووە و داوا دەکرێت دادگەییکردنەکانیان بە شێوەی ئاشکرا بێت.
لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر، عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند، "هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. ئێستا دوو پەرلەمانتار کە یەکێکیان خەڵکی سلێمانی و ئەوی دیکەیان خەڵکی دهۆکە، لە لیستی داواکراواندان و کار دەکرێت بۆ رادەستکردنەوەیان." ئاماژەی بەوەش کرد کە "دۆسیەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان" یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە.
دۆسیەی هەڵبژاردن و کڕینی دەنگ
عەبدولڕەحمان جەزائیری گوتی، "بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا، لێکۆڵینەوە لە پارەی خەرجکراوی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەکرێت. ملیۆنان دۆلار بۆ کڕینی دەنگ و ویژدان خەرج کراوە و هەموو ئەو بانک و گواستنەوە داراییانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون، ئێستا لەژێر وردبینیدان."
بەگوتەی جەزائیری، حکومەتی عێراق لەڕێگەی ئینتەرپول و بە هاوکاریی نێودەوڵەتی، بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە دەکات کە براونەتە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت بۆ "بانکەکانی سویسرا، تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو." گوتیشی، "تیمێکی تایبەتی ئەمریکی هاوکاریی عێراق دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەو بەرپرسانەی سامانی گشتییان دزیوە و لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنانیان پێوە کردووە."
جەزائیری دەڵێت، "پیاوانی ئایینیش لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر نین. لە نەجەفەوە بڕیاردراوە کە پارێزبەندی لەسەر هیچ کەسێک نەبێت، هەر کەسێک تێوەگلابێت، تەنانەت ئەگەر مێزەریشی لەسەر بێت یان پیاوی ئایینی بێت، دەبێت رووبەڕووی یاسا ببێتەوە و چیدیکە کەس لە سەرووی یاساوە نییە."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە کرد. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.


