رووداو - دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی راسپارد بۆ کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت؛ هەژمارێک نەک بۆ پاشەکەوت، بەڵکو بۆ گێڕانەوەی ئەو ملیۆنان دۆلارەی کە لە موڵکی گشتی تاڵان کراون. ئەمە یەکەم هەنگاوی کردارییە بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارە دزراوانەی کە لەرێی دادگەوە لەو بەرپرسانە وەردەگیرێنەوە کە لە نێو تۆڕی ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان"دا گیرییان خواردووە.
ئەم هەنگاوە یاساییە بۆ ئەوەیە تەواوی ئەو پارانەی لە بەرپرسە دەستگیرکراوەکان وەردەگیرێنەوە، بخرێنە نێو ئەم هەژمارە و دواتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێندرێنەوە.
مونیر حەداد، راوێژکاری یاساییی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێکارە یاساییەکان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو تۆمەتبارانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا سامانی گشتییان دزیوە و عێراقیان تاڵان کردووە، بەپێی یاساکانی سزادانی عێراقی و بەتایبەت یاسای سپیکردنەوەی پارە و تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر مۆڵکی گشتی دادگایی دەکرێن. دادگە تەنیا لە وەرگرتنەوەی پارەکان ناوەستێت، حكوومەتیش بە هەمان شێوە؛ حكوومەت پێداگرە لەسەر شەڕی گەندەڵی و بنبڕکردنی گەندەڵکاران، و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت، پێگەکەی هەرچۆنێک بێت."
فراوانبوونی بازنەی دەستگیرکردنەکان ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت. هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسە تۆمەتبارەکان پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان هەڵاتوون، بەڵام پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ئەم هەڵمەتە لە نێو پەرلەمانیشدا دەنگدانەوەی هەبووە و هەندێک لە پەرلەمانتاران داوا دەکەن پاککردنەوەی دامودەزگاکان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەستپێبکات.
دکتۆرە نوور عادل، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بەدر لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت: "بەداخەوە، ئەمڕۆ لە بەرزترین دەسەڵاتی یاساداناندا، کاتێک دەبیتە پەرلەمانتار، دەکەویتە ژێر پرسیار، ژێر تۆمەت، ژێر سەرانە وەرگرتن و شتی دیکە! با بچن هەموو دامودەزگاکان پاک بکەنەوە، با لە ئێمەوە دەستپێبکەن. ئینشاڵڵا ئەم بابەتە دەگاتە کۆتایی و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە و گەل رۆشنایی دەبینێت."
حكوومەتی عێراق بەفەرمی رایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت و جەختی کردووەتەوە کە جگە لە هێزی عێراقی، هیچ هێزێکی دیکەی بیانی تێیدا بەشدار نییە.
"هەڵمەتی بەرەبەیان"، تەنیا ناوێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی یاسا لە عێراقدا. هیوای عێراقییەکان ئەوەیە ئەم چاکسازییە "سەرە گەورەکانی" پشتی پەردە بگرێتەوە و تەنیا بە راوکردنی "ماسییە بچووکەکان" کۆتایی نەیەت.



