رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، هاوردەکردنی 48 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لە عێراقدا قەدەخەکراون، کە 33ـیان قەدەخەی هەمیشەیین و 15ـیشیان بەرهەمی وەرزین؛ ئاماژە بەوەش دەکات بڕیاری قەدەخەکردنی تەماتە تاوەکو 20ـی تشرینی یەکەمە و درێژکردنەوەیشی بەندە بە پێداویستیی بازاڕ و بڕی بەرهەمی ناوخۆ.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵیی وەزارەتەکەیان، لیستی ئەو بەرهەمانە و قەدەخەکردنیان بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت. هەندێکیان قەدەخەی هەمیشەییان لەسەرە و هەندێکیشیان کاتی.
بە گوتەی قوسەی حەتاب، 33 بەرهەم قەدەخەی هەمیشەییان لەسەرە و هیچ مۆڵەتێک بۆ هاوردەکردنیان بەهیچ شێوەیەک نادرێ، لەوانە، دووگی مەڕ، چەوریی دروستکراو، گامێش، پرۆتینی ئاژەڵی، هەنگوینی شانەدار و قامیشی شەکر.
قوسەی حەتاب دەڵێت، 15 بەرهەمی قەدەخەکراوی کاتیی هەن و "ئەم بەشەیان بەرهەمی وەرزی لەخۆدەگرێ، وەک، تەماتە، خەیار، پیاز، باینجان و چەندین بەرهەمی دیکە، کە بەپێی وەرزی پێگەیشتنیان دەرگای هاوردەکردنیان دادەخرێ."
لەبارەی بڕیاری راگرتنی هاوردەی تەماتە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: "بڕیارەکە لەسەر داوای وەزیری کشتوکاڵ بووە کە ئاراستەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران پەسند کرا."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دوای بەدواداچوونی مەیدانیی لیژنە تایبەتمەندەکانی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون هات کە رۆژانە چاودێریی عەلوە ناوەندی و نموونەییەکانی بەغدایان دەکرد و دەرکەوت "بەرهەمی نێوخۆیی بە بڕێکی زۆر بەرز بازاڕەکانی پڕکردووەتەوە. بۆیە بۆ پاراستنی جووتیاران لە زیانی داڕمانی نرخی بەرهەمەکان بڕیاری قەدەخەکردن درا و هیچ کێشەیەکی کورتهێنان و کەمیی ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا دروست نابێت."
سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی وادەی قەدەخەکردنەکە لە دوای 20ـی تشرینی یەکەمەوە، قوسەی حەتاب گوتی: "بەرهەمەکان سەوزە وەرزیین و تەمەنی پێگەیشتنیان لەنێوان 40 بۆ 50 رۆژە و دەگمەنە بگاتە دوو مانگ. بۆیە درێژکردنەوەی بڕیارەکە بەندە بە ئاستی خستنەڕوو لە بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان لیژنەی تایبەتی بۆ دیاریکردنی نرخ و هاوسەنگیی بازاڕ هەیە ە "هەر کاتێک هەست بکرێ بەرهەمی ناوخۆ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دەستبەجێ بەپێی پلانی ستراتیژی دەرگای هاوردەکردن دەکرێتەوە تاوەکو رێگری لە گرانبوونی نرخ لەسەر هاووڵاتییان و بەکاربەران بکرێ."
سەبارەت بەو بەرهەمانەی عێراق تێیاندا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: "لە گەنم بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک عێراق گەیشتووەتە خۆبژێویی تەواو."
باسی لەوەش کرد، لە وەرزی پێگەیشتنی سەوزەدا عێراق خۆبژێویی تەواوی لە تەماتە و باینجان و ئەو بەرهەمانەدا هەیە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە.



