رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوا لە بازرگانان دەکات پابەندی سپاردە و رەوشتی بازرگانی بن و هۆشدارییان دەداتێ لە گرانفرۆشی و فێڵکردن و دەڵێت: "ئەگەر حکومەت چاوپۆشی لە سەرپێچییەکان بکات، ئێمە دەستەوەستان نابین."
رۆژی هەینی(18ـی ئەیلوولی2026)، لە گوتاری نوێژی هەینیدا کە لە سەرتاسەری عێراق خوێندرایەوە، موقتەدا سەدر رایگەیاند، "ئازادی بە مانای پشێوی و کاری حەرام نییە، بازرگانی و کەسابەتیش بە مانای تێوەگلان لە شتە قەدەخەکراوەکان نایەت، بەتایبەتی لە وڵات و بازاڕی موسڵماناندا."
موقتەدا سەدر داوای لە بازرگانان کرد زۆر پابەندی حەڵاڵ و راستی بن لەگەڵ خەڵکدا و گوتی: "بازرگانانی پارێزگا پیرۆزەکان و هەموو عێراق، دووربکەونەوە لە ساختەکاری، فێڵ و گرانکردنی نرخەکان. ئەگەر لە ئایینەکەتاندا ئازاد نین، لانیکەم لە دنیاتاندا ئازاد بن."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە جەختی کردەوە، "پێویستە هەمووان بە تووندی دژی سەرپێچییە شەرعییەکان لە بازاڕدا بوەستنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی تووڕەیی خودا و بەڵای گەورە." داوایشی لێکردن دووربکەونەوە لە سوودخۆری (ریبا) و قازانجی زۆر و ناشیرین.
سەدر هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر حکومەتی خۆجێیی (بەتایبەت لە نەجەف) رێگری لەو تێپەڕاندنانە نەکات، ئەوان بێدەنگ نابن و گوتی: "هەر کەسێک رێز لە نەجەف و ناوبانگەکەی نەگرێت، ئێمەیش رێزی ناگرین و لێی خۆش نابین."
لە گوتارەکەیدا، سەدر داوای لە بازرگانان کرد شارەزای فیقهی بازرگانی بن و ئەوانەیشی پابەند نین، تۆبە بکەن. راشیگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی رەفتارەکانیان دەکەن و ئەمەش بەشێکە لەو پرۆسەی چاکسازییەی (شەلع قەلع) واتە (هەمووی لە بن و ریشەوە)کە بانگەشەی بۆ دەکات.


