رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە پارێزگای دیالە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە خۆی وەک لێکۆڵەری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی ناساندووە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، گوشاری خستووەتە سەر چەند فەرمانگەیەکی حکومی.
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە زانیاریی پێگەیشتووە کە کەسێک پلە و پۆستی دەستەی دەستپاکی بەکاردەهێنێت بۆ فێڵکردن و وەرگرتنی پارە لە فەرمانگە حکومییەکان."
تیمێکی پسپۆڕی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە بەهاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە دیالە، بۆسەیەکیان بۆ تۆمەتبارەکە ناوەتەوە و توانیویانە لەناو ماڵەکەیدا دەستگیری بکەن.
تۆمەتبارەکە بەپێی فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و رەوانەی بەردەم دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی بەعقووبە کراوە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی.
دادوەر بڕیاری داوە بەراگرتنی تۆمەتبارەکە بۆ لێکۆڵینەوە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983.
بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 لە یاسای سزادانی عێراق، هەر کەسێک بەبێ رەزامەندیی فەرمیی خۆی وەک فەرمانبەرێکی حکومی یان سەربازی بناسێنێت یان پلەیەکی بەکاربهێنێت، بەزیندانیکردن سزا دەدرێت کە لە هەندێک باردا دەگاتە 10 ساڵ.


