رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق نوێترین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکراون. دەشڵێت، هیچ لایەنێکی دەرەکی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکردووە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوکارێکی "ئەرێنی" بوون.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 29-6-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 21 کەسایەتی کە تێوەگلاون لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی دەستگیرکراون. هەندێک لە تۆمەتباران بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و لەڕێگەی ئینتەرپۆلەوە چاوەڕێی گەڕاندنەوەیانین."
لە وەڵامی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی شێوازی دادگەییکردنی ئەو تۆمەتبارانە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، بڕیاردان لەسەر شێوازی دادگاییکردنیان بە ئاشکرا یان نهێنی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە. گوتیشی: "هەموومان چاوەڕێی کۆتاییەکی روون و شەفافی ئەم دۆسیانە دەکەین. وەک چۆن پڕۆسەی دەستگیرکردنەکان بەو روونییە بوو، دڵنیام ئەنجامە دادوەرییەکانیش بە هەمان ئاست دەبن."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەک دەستپێکردووە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون، کە لە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقن.
حەیدەر عەبودی رەتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستیان لەم هەڵمەتەدا هەبێت و گوتی، "ئەمە کارێکی تەواو عێراقییە و دەزگا نیشتمانییەکانمان دەیکەن."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ستایشی هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێری کرد و گوتی: "دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر پۆزەتیڤیان هەبووە لە شوێنپێهەڵگرتن و دەستگیرکردنی ئەو داواکراوانەی کە فەرمانی دادگەیان هەبووە."
حکومەت پابەندە بە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "حکومەتی عێراق پابەندییەکی جێگیری هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. مانگانە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکرێت."
عەبودی ئاماژەی بە بوونی جیاوازییەک کرد لە نێوان ئەو داهاتە نانەوتییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت لەگەڵ ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە خەرجی دەکات و گوتی، "کەلێنێکی دیاریکراو لە نێوان داهاتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە پارەیەدا هەیە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەینێرێت."
سەبارەت بە وادەی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، حەیدەر عەبودی باسی لەوە کرد، رۆژی 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق، "دوا وادەیە بۆ هەموو ئەو گرووپانەی چەکیان لەدەستە تاوەکو رادەستی دەوڵەتی بکەن. دوای ئەو وادەیە، هەر چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بێت، وەک چەکی نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
"تەرمی خامنەیی دەهێنرێتە نەجەف و کەربەلا"
سەبارەت بە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند پارێزگایەکی عێراق، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "داواکارییەکی فەرمی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتووەتە حکومەتی عێراق بۆ رێوڕەسمی ماڵئاوایی کردن لە تەرمی مەرجەعی کۆچکردوو لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا. رۆژی 8ی تەممووز بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە و حکومەتیش رەزامەندی لەسەر نیشانداوە."
.jpg&w=3840&q=75)
