رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزیری تەندروستیی عێراق کرد سێ ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی (شەهید خالید) لە قەزای کۆیە دابین بکات؛ وەزیری تەندروستیی عێراقیش رازی بووە.
ئاڤێستا مام یەحیا، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەرێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاراستەی وەزیری تەندروستیی عێراقم کرد، ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بەو ئامێر و پێداویستییە پزیشکییانەیە بۆیان دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە و رێگەی دووریان بۆ کورت بکرێتەوە، سوپاس بۆ خوا توانیمان رەزامەندیی وەزیر وەربگرین."
ئاڤێستا مام یەحیا راشیگەیاند: "لەگەڵ گەیشتنی هەر سێ ئامێرەکە بە کۆیە، بەئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنین بەم نزیکانە."
ئامێرەکان بریتین لە:
ئامێری (ABG): کە تایبەتە بە شیکردنەوەی گازەکانی ناو خوێن.
ئامێری (CPAP): کە تایبەتە بە دروستکردنی پاڵەپەستۆی ئەرێنیی بەردەوامی هەوا بۆ کۆئەندامی هەناسە.
ئامێری (ESWL): کە تایبەتە بە تێکشکاندنی بەردی گورچیلە.
نەخۆشخانەی (شەهید خالید) لە قەزای کۆیە، یەکێکە لە ناوەندە تەندروستییە سەرەکییەکانی ناوچەکە، بەڵام بەهۆی کەمیی هەندێک ئامێری پزیشکییەوە، زۆرجار نەخۆشەکان ناچار دەبن بۆ چارەسەر روو لە سەنتەری شاری هەولێر یان سلێمانی بکەن.


