رووداو دیجیتاڵ
ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رۆژی پێنچشەممە (17ـی ئەیلوولی 2026)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەمریکا دەکات".
حەیدەر عەبوودی راشیگەیاند:" سەرۆکوەزیران لە نیویۆرک گوتاری عێراق لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش دەکات، هەروەها خشتەی سەردانەکە چەندین دیداری گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی چەند وڵاتێکی دیکە".
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: " ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران رەنگدانەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیهانە".
بڕیاریشە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بکات، "ئەوەش بە مەبەستی بەردەوامیدان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن."
حەیدەر عەبوودی گوتیشی:" رێککەوتی 30ـی ئەیلوول وەک وەرچەرخانێکی سەروەریی گرنگ دەبێت بۆ عێراق، چونکە لەو رێککەوتە بەدواوە شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ واشنتن دەچێتە قۆناخێکی نوێ و بەرەو هاوکاریی ئابووریی درێژخایەن هەنگاو دەنێت".
ۆژی 30ی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق. حەیدەر عەبودی لەبارەی 30ی ئەیلوولی 2026 گوتی، "رۆژێکی گرنگە بۆ سەروەریی عێراق و لەو رۆژەوە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن دەگۆڕێن بۆ هاوئاهەنگیی ئابووریی درێژخایەن."
14ی تەممووزی ئەم ساڵ، عەلی زەیدی سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، سەردانەکەی ئەوکاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ بوو.
ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانیان لە بواری ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها لە بوارەکانی وەبەرهێنان، وزە و ژێرخان، هاوکات تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنیی و سیاسییە هاوبەشەکانی بەغدا و واشنتن پرسێکی دیکەی دیداری پێشووی زەیدی و ترەمپ بوو.


