رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ پەرلەمانتار و پێنج پاسەوان و فەرمانبەری عیراقیان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرد و دواتر لە بازگەی پردێ رادەستی هێزە عێراقییەکانیان کران.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەسپاکیی عێراق، رۆژی دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو تیمی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە پارێزگای هەولێر و تیمێکی دیکە لە پارێزگای کەرکووک بوون؛ دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە دەستگیرکراوەکانیان لە بازگەی پردێ لەلایەن ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستانەوە وەرگرتەوە، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردن."
بەگوتەی سەرچاوەکەی دەسپاکیی عێراق، دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە سێ پەرلەمانتار و پێنج پاسەوان و فەرمانبەر. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بڕی 10 ملیۆن دینار و 15 چەکی جۆری دەمانچە و ئێم فۆڕیان پێبووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکی دیکە بکرێت.
دوێنێ یەکشەممە، هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا و دژە تیرۆری عێراق بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزەوە چوونە کەرکووک و دواتر دەستگیرکراوەکانیان بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی بەرەو بەغدا گواستەوە.
ناوی پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان
زیاد تاریق جەنابی: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەری (بە سەرۆکایەتی سەرمەد خەمیس خەنجەر).
محەممەد جەمیل مەیاحی: پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی (واست ئەجمەل) و پارێزگاری پێشووی واست.
ئەشواق سالم حەسەن جبووری: پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (بە سەرۆکایەتی سوودانی).

ناوی فەرمانبەر و پاسەوانە دەستگیرکراوەکان
عەلا ستار مەحموود
سەیف تاڵیب
عەلی جاسم
عوسمان عەبوود جەنابی
عەلی سەڵاح جەنابی
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
دەستگیرکراوەکان بە خێزانەوە لە هەولێر دەژیان
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی لە هەولێر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، هەڵنەهاتوون بۆ هەولێر، بەڵکو لە ماڵیان لە هەولێرە و خێزان و منداڵیشیان لە هەولێر دەژین.
سەرچاوەکە گوتی: "دوو لەو پەرلەمانتارانەی دەستگیرکراون، دوویان لە گوندی ئیسپانی و یەکێکی دیکەیان لە گەنجان سیتی بووە، فەرمانبەرەکانی دیکەش لە شوێنە جیاجیاکانی هەولێر بوون."
رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد بە گوێرەی سەرچاوەکانی ناوی 128 کەسی دیکەی داوە.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
